تورکیا وێستگەیەکی سووتەمەنی لە گوندەواری حەسەکە بۆردومان دەكات
تەل تەمر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە هێزەکانی تورکیا لە رێگای تۆپخانەكانەوە وێستگەیەکی دابەشکردنی سووتەمەنییان لە نزیک گوندی رەبیعاتی گوندەواری شارۆچکەی زرەكان لە باکووری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان بۆردومان کرد.
شایەتحاڵێک لە دانیشتوانی گوندەکانی نزیك ئەو گوندە رایگەیاند، تۆپخانەكانی توركیا بۆردومانی، وێستگەی سووتەمەنی ئەبو کەرمۆیان لە نزیک شارۆچکەی رابیعاتی گوندەواری زرەكان كرد، بۆردومانەكەش هیچ زیانێکی مرۆیی نەبوو، بەو پێیەی وێستگەکە لەكار كەوتبوو.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشكرد، نزیکەی 10 تۆپ و موشەك، لە گەڕەکی ڕۆژئاوای شارۆچکەی زرەكان کەوتنە خوارەوە، و لە ئەنجامدا چەند خانویەك زیانیان بەركەوت، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی لێبكەوێتەوە، بەو پێیەی لە ساڵی ڕابردوودا دانیشتوانی گەڕەکەکە بەهۆی تۆببارانەكانەوە ماڵەكانیان جێهێشتووە.”
ناوبەناو تۆپخانەکانی تورکیا ئەو گوندانە دەکەنە ئامانج کە دەکەونە نێوان شارۆچکەکانی زرەكان و تەل تەمر، ئەمەش وادەكات كە دانیشتوانی ناوچەكە ئاوارەبن.