دوای عێراق سوریاش بەهای دراوەکەی بەرامبەر دۆلار دابەزاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

بانکی ناوەندی سوریا بڕیاریدا بەهای لیرەی سوری بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی 7% دابەزێنێت، ئەویش بە ئامانجی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ بازاری ناوخۆ و کەرتی ئابوری وڵات، لەئێستاشدا بەهای یەک دۆلار بەرامبەرە بە 3015 لیرەی سورییە.

بانکی ناوەندی سوریا ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، بڕیاردراوە بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 2814 لیرەوە بۆ 3015 لیرە بەرزبکرێتەوە، ئەوەش دابەزاندنی بەهای دراوی وڵاتەکەیە بەرامبەر دۆلار بەڕێژەی 7%.

میدیاکانی سوریا دەڵێن، لە بازاری رەشدا لە ناوخۆی سوریا بەهای دۆلار بەرێژەیەکی زۆر زیاتر دەفرۆشرێت و بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 4450 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لەماوەی 10 ساڵی رابردو دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی و بازاری سوریادا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبوەتەوە، هاوڵاتیان و ئەوانەی ئاڵوگۆڕی کاڵاش دەکەن زیاتر کاڵاکانیان بە دۆلار دەکڕن و دەفرۆشن بۆ ئەوەی لە مەترسییەکانی دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆیی خۆیان بپارێزن، بۆیە چاودێران پێشبینی دەکەن لە چەند مانگی داهاتودا سوریا روبەڕوی هەڵاوسانێکی دیکەی ئابوری ببێتەوە.

بانکی ناوەندیی عێراقیش، لە 20ی 12ی 2020دا بڕیاریدا، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیادبکات، ئەو بڕیارە هەرچەندە بوە هۆی زیادبونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام لە هەمانکاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا لانیکەم بە رێژەی زیاتر لە 20٪ بەرزکردەوە.