“هەسەدە” هەڵوەشاندنەوەی شانەیەكی داعشی لە قامشلۆ راگەیاند

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” رایگەیاند، كە رۆژی شەممەی ڕابردوو هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، و شانەیەکی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان هەڵوەشاندۆتەوە.

“هەسەدە” لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “شەممەی ڕابردوو تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان (TOL)ی سەر بە هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە شاری قامشلۆ ئەنجامداوە، و شانەیەکی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان هەڵوەشاندۆتەوە بوو کە هەوڵیانداوە، کردەوەی تیرۆریستی لە شارەکە ئەنجام بدەن”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “ئۆپەراسیۆنەکە دوای زانیاری هەواڵگری ورد ئەنجامدراوە، هەروەها دوو ئەندامی شانەکەیان بە ناوەکانی ئوسامە محەممەد ئەحمەد و عیسا محەممەد ئەحمەد دەستگیرکردووە”.

“هەسەدە”  لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە “تیرۆریستان پلانیان دانابوو كردەوەی تیرۆریستی لە شارەکەدا ئەنجام بدەن بە چاندنی ئامێری تەقینەوە، و شوێنە گشتی و تایبەتەکان، بكەنە ئامانج، بۆ دروستکردنی ئاژاوە و تێكدانی سەقامگیری لە رۆژئاوای كوردستان”.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد