وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا باسیان لە هەماهەنگی و پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ دیمەشق کرد
دیمەشق – نۆرس پرێس
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکا لە بەغدا رایگەیاند، تاوتوێی پرسەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە بەردەوامەکانیان لەگەڵ دیمەشق کردووە.
فوئاد حوسێن و هاكان فیدان تاوتوێی چەند پرسێكی ئەمنی و ئابوورییان کردوە، دیارترینیان دۆخی سوریا و سنوورەکان و پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” بوو.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا “باشە” و کار بۆ پەرەپێدانی دەکەن، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا.
ئاماژەب بەوەشكرد، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە پرسی ئابووری و سیاسییەکان کردووە، جگە لە بارودۆخی ناوچەکە و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سوریا.
ئەم سەردانە دوابەدوای واژۆکردنی ٢٧ ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دێت لە مانگی نیسانی ٢٠٢٤ دا واژوو كرا، کە بریتی بوو لە ڕێککەوتن لەسەر ئاو و بوارەکانی دیکە بۆ بەهێزكردنی هاوکارییەکانی هەردوو وڵات.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق بە “ستراتیجی” ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق کاریگەری ئەرێنی لەسەر تورکیا هەیە.
دووپاتیشی کردەوە کە تورکیا کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” دەکات و هەوڵدەدات بەشداری لە پرۆژە هاوبەشی گەشەپێدان لە نێوان هەردوولا بكات، بە تایبەتیش هەماهەنگی ئەمنی.
فیدان ئاماژەی بە گرنگی چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوچەییەکاندا، بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەردوو وڵات، جەختی لە بەردەوامیی هاوکارییە هەواڵگرییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کردەوە.