بەهۆی تەقینەوەی مین لە رۆژهەڵاتی شاری رەقە سێ منداڵ برینداربوون
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراو لە پاشماوەكانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی شاری رەقە، سێ منداڵ برینداربوون.
چوارشەممەی ڕابردوو لە دوو رووداوی تەقینەوەی مین لە دێرەزوور پێنج کەس گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا دوو منداڵ هەبوون.
ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە” لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ” لە ئەنجامی یاریکردن بە پاشماوەی جەنگ لە میحوەرەكانی نێوان گوندی غانم عالی و ئەلبو حەمەدی رۆژهەڵاتی رەقە، سێ منداڵ برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئەو شارە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی رەقەی سەر بە هێزەکانمان، بەردەوام كاردەكەن بۆ پاككردنەوەی ئەو ناوچانە لە پاشماوەكانی جەنگ”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەنگی تەقینەوەکان کە لە ناوچەکەدا دەبیسترێت، بەهۆی تەقاندنەوەی پاشماوەی جەنگە.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، رێكخراوی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان “یونیسێف” رایگەیاند کە “لە مانگی کانوونی دووەمدا لانیکەم ١١٦ منداڵ بەهۆی هەڕەشە شاراوەکانەوە “پاشماوەی جەنگ” کوژراون و برینداربوونە”.