دیمەشق- نۆرس پرێس
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، رەنگە یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ سعودیە بێت.
رۆژی شەممەی ڕابردوو ترامپ رایگەیاند، کە داوا لە سعودیە دەکات نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکات، ئەمەش زیاترە ئەو 600 ملیار دۆلارەی سعودیەکان بەڵێنی وەبەرهێنانیان دابوو.
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئایر فۆرس ون، رایگەیاند، یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات “ڕەنگە سعودیە بێت”، سەرەڕای نەریتی سەرۆکەکانی ئەمریکا كە سەرەتا سەردانی بەریتانیا دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوایین جار کە گەشتی بۆ سعودیە کردووە، ئەو وڵاتە بە بەهای ملیارەها دۆلار کەلوپەلی ئەمریکییان كڕییوە ، دەشڵێت، “ئەگەر ئۆفەرەکە گونجاوبێت، دووبارە ئەو کارە دەکەمەوە”.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئاژانسی ڕاگەیاندنی سعودیە بڵاویکردەوە، شازادەی جێنشینی سعوودیە دووپاتی کردەوە کە شانشینی سعودیە دەیەوێت لە چوار ساڵی داهاتوودا وەبەرهێنان و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بە بڕی 600 ملیار دۆلار فراوانتر بکات، کە پێشبینی دەکرێت ئەگەر دەرفەتی زیادە بخرێتە بەردەستی وڵاتەکەی زیاتری دەكات.