هەولێر – نۆرس پرێس
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگهیاند، شهوی رابردو لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵکی سنە سهبارهت به كوژرانی ژینا ئەمینی، فەرانەک ڕەفیعی چالاکی ژینگەپارێز و چالاکی بواری مافەکانی ژنان و لوتفوڵڵا ئەحمەدی چالاکی کرێکاری لە گۆڕەپانی ئیقباڵ دەستبەسەرکران، هاوكات نۆ كهسی دیكهش برینداربون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئهمڕۆ دوشهممه بڵاویكردهوه، شهوی رابردو هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵکی سنە سەبارەت بە کوژرانی ژینا ئەمینی، فەرانەک ڕەفیعی چالاکی ژینگەپارێز و چالاکی بواری مافەکانی ژنان و لوتفوڵڵا ئەحمەدی چالاکی کرێکاری لە گۆڕەپانی ئیقباڵ دەستبەسەرکران.
ئاماژهی بهوهشكردوه، “هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەرکردنی لوتفوڵڵا ئەحمەدی و فەرانەک ڕەفیقعی توندوتیژییان بە کارهێناوە و دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە”. سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندوە، “لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی یەکشەممەی سنە لانیکەم 10 کەسی دیکەش دەستبەسەرکراون، کە هەتا ئێستا ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبوە”.
ئهوهش خراوهتهڕو، “لە دوەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سنە هێزە ئەمنییەکان وێڕای بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ تەقەیان لە خەڵک کردوە و بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لانی کەم 9 هاوڵاتی بریندارکراون”.
رۆژی 13ی ئەم مانگە ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران لەلایەن پۆلیسی چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان بەتۆمەتی پابەندنەبون بە جلوبەرگی باڵاپۆشییەوە دەستبەسەرکرا و دواتریش لە گرتوخانە چوە کۆماوە و گیانی لەدەستدا، رۆژی شهممه (17ی ئهیلول) تەرمی ناوبراو لە سەقز بەخاکسپێردرا و حکومەتی ئێرانیش بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە بکاتەوە.
دوێنێش ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەی ژینا ئەمینی ئەنجامدا و رایگەیاند، فەرمانی بە بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ کردوە بەشێوەیەکی تایبەت لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی گیانلەدەستدانی ژینا بکەن و ڕەهەندەکانی روداوەکە بۆ رایگشتی رون بکەنەوە، چونکە “کچی ئێوە وەک کچی من وایە و هەست دەکەم ئەم ڕوداوە بەسەر یەکێک لە ئازیزانمدا هاتوە”.
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ناوخۆیی رووداو ئاماژەی بە نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی دا.
ئەمجەد بەو ئاژانسە ناوخۆییەی راگەیاند کە بە ئیبراهیم رەئیسی وتووە، ئەو ڤیدیۆیانەی لە تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاوکرانەوە “درۆ” بوون.