148  خێزانی عێراقی کەمپی هۆل بەجێدەهێڵن

کەمپی هۆل – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە 148 خێزانی عێراقی “کەمپی هۆل”یان لە باشووری شاری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان جێهێشت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی هەماهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان بۆ گەڕانەوەی پەنابەرە عێراقییەكان لە کەمپەکەدا، ئەمە 20هەمین كاروانی گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانەیە و دووەم كاروانە لە ساڵی 2025دا.

سەرچاوەیەک لە کەمپی هۆل بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “578 عێراقی کە 148 خێزانن، ئەمڕۆ کەمپەکەیان بەجێهێشت، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق”.

لە ساڵی ڕابردوو، کەریم نوری، وەزیری کۆچ و كۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندبوو، “ئەو کەسانەی کە مەلەفی ئەمنی و دەستیان هەیە لە رشتنی خوێنی عێراقییەكان ناتوانن بگەڕێنەوە وڵات”، وەك ئاماژەدان بەو عێراقییانەی لە كەمپی هۆڵی رۆژئاوای كوردستانن.

نوری ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 54 هەزار کەس لە کەمپی هولن هەن کە 20 هەزاریان عێراقیین و چوار هەزار عێراقیش لە کەمپەکە گەڕاونەتەوە.

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە