سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و كونسوڵى گشتيى هۆڵه‌ندا دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ دەكەن

هەولێر – نۆرس پرێس

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی لە ئه‌دريان ئايسلستين كونسوڵى گشتيى نوێى هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، و تاوتوێی دۆخى گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌یان كرد.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ ئه‌دريان ئايسلستين كونسوڵى گشتيى نوێى هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى به‌خێرهێنان و پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كانى له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا و خواستى هه‌رێمى كوردستانی بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هۆڵه‌ندا، دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ كونسوڵى گشتيى نوێى هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمى كوردستان، خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى نيشان دا، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ ئاماده‌يى و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و هيواى خواست بتوانێت له‌ ماوه‌ى ئه‌ركه‌كه‌ى و له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، بره‌وى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان و هۆڵه‌ندا بدات.

بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئه‌و بوار و كه‌رتانه‌ى بۆ هه‌ردوولا گرنگن، دۆخى گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.