ئیلهام ئەحمەد: هێرشەکانی تورکیا پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستەیە كە تڕامپ نێوەندگیری دەكات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە بەنداوی تیشرین، پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئەو ئاگربەستەیە كە دۆناڵد تڕامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نێوەندگیری دەكات.

ئیلهام ئەحمەد لە تۆڕی كۆمەڵایەتی  “X”رایگەیاندووە، “دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هاوڵاتیانی سڤیلی بۆردومانكرد كە بۆ ناڕازایەتی دەربڕین چووبونە بەنداوی تشرین، و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاوڵاتی شەهیدبوون”.

ئەو بەرپرسە کوردە رایگەیاندووە کە ئەم هێرشە “پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی ئاگربەستە کە تڕامپ نێوەندگیری دەكات”.

ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا پابەندی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە نییە، کە ئامانج لێی مسۆگەرکردنی ئاگربەست و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل بوو.

دوێنێ سێشەممە، لە هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر کاروانێکی هاوڵاتییانی مەدەنی کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانیان، چووبونە بەنداوی تشرین، لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و ٢٠ هاوڵاتیش برینداربوون.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد