بارەگای بارزانی: سەرۆک بارزانی جەختی لە یەکڕیزی و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا کردەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەل دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا، تاوتوێی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی سووریا و سەردانی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ لای سەرۆک بارزانی كرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، بارەگای بارزانی رایگەیاند، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی سووریا و سەردانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ لای سەرۆک بارزانی تاوتوێ کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی جەختی لە یەکڕیزی و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا کردەوە.
16ی ئەم مانگە سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە” کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەكەی بارەگای بارزانی، لەدیدارەكەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.