سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا تاوتوێی پێشهاتەکانی سووریا و دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەکەن

هەولێر – نۆرس پرێس

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، تاوتوێی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە دەكەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە داڤۆس، لەگەڵ ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا ئاماژەى بە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا دەربڕی.

بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی بەلجیکای بۆ هەرێمی کوردستان کرد .

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە ، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری.

گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .

مەسرور بارزانی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی داڤۆس، دوێنێ گەیشتە سویسرا و حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکومەت زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان دەبێت.”

لە کۆڕبەندی داڤۆس زیاتر لە 350 سەرکردە کە 60ـیان سەرۆکی وڵات یان حکومەتن دا بەشدار دەبن، لەنێویاندا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا کە بەڕێگەی لایڤەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە دا دەکات.