“هەسەدە” کوشتن و برینداركردنی 22 چەكداری میلیشیاكانی تورکیا لە گوندەواری مونبج رادەگەیەنێت
مونبج- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” رایگەیاند، لە پێكدادانەكاندا 22 چەكداری میلیشیاكانی “جەیش وەتەنی” سەر بە توركیایان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و گوندەکانی نزیك گوندەواری مونبج كوشتووە و برینداركردووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا “هەسەدە” رایگەیاندووە، ژمارەی کوژراوانی نێو ڕیزەکانی “جەیش وەتەنی” لە پێکدادانەکانی دوێنێ دووشەممە، گەیشتووەتە 8 کوژراو و 14 بریندار.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ” سوپای تورکیا و میلیشیاكانی، میحوەری گردی سەرتێلیان تۆپ باران كردووە، بەڵام هیچ زیانێکی بە هێزەکانمان نەگەیاندووە”.
“هەسەدە” ئاماژەی بەوەشكردووە کە هێزەکانیان ١٢ جار گردبوونەوەکانی “جەیش وەتەنی”یان کردۆتە ئامانج، و هەروەها چوار ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێکیان لەناو بردووە.
دوێنێ دووشەممە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی بەردەوامی بۆردومانی بەنداوی تیشرین، لەلایەن توركیاوە، كە رەنگە كارەساتێكی گەورەی لێبكەوێتەوە.