فەرماندەی “هەسەدە” : ئەمریکییەکان دەتوانن کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنن لەگەل توركیا
حەسەكە – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، ئەمریکییەکان ئەگەر بیانەوێت دەتوانن کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنن لەگەڵ تورکیا.
جەنەڕاڵ عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە، کە دوێنێ پەخشکرا، رایگەیاندووە، سوپای ئەمریکا ئێستا نێوەندگیری دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستی هەمیشەیی لەگەڵ تورکیا لە رۆژئاوای كوردستان.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو سوریا، تورکیا و میلیشیاكانی ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی “هەسەدە” لە رۆژئاوای كوردستان، و تا ئێستا بە دەیان هاوڵاتی كورد بونەتە قوربانی.
عەبدی ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا دەیەوێت بێتە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و داگیری بكات، ئێمەش دەمانەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکە لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن، ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا دەیەوێت ” کۆبانێ داگیر بکات بۆ یەکخستنی ئەو ناوچانەی داگیری کردووە “.
لە وەڵامی پرسیارێکدا عەبدی رایگەیاند، “ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئێراندا نییە و خاوەنی چەکی ئێرانیش نین، كە بەشێك لە لایەنەكان بانگەشە بۆ ئەم بابەتە دەكان، بەو پێیەی ئێران بەشێک بوو لە قەیرانەکانی سوریا”.
سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی، عەبدی رایگەیاند، داوام کرد نێوەنگیری بکات بۆ وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا بڕیاریان نەداوە چەک ڕادەستی ئیدارەی نوێی سوریا بکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەستووری نوێ دەبێت مافەکانی کورد لە سوریا زامن بکات.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەوان لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکان لە سوریا، هەروەها داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کرد سزاکانی سەر تورکیا کارا بکات، ئاماژەی بەوەشكرد، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا گرنگە بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان.
سەبارەت بە سەرکردایەتی ئیدارەی نوێی سوریا، عەبدی رایگەیاند، لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع ئەرێنین و هیوادارم قسە ئەرێنییەکانی بکاتە کردار.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆبوونەوەی شەرع لەگەڵ گروپە چەكدارەكان، هەروەها ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە چونکە بەشدارییان لە كۆبونەوەكەدا نەكردووە، ڕوونیشیکردەوە کە پێشنیاریان کردووە لیژنەیەکی سەربازی هاوبەش پێکبهێنن بۆ یەکخستنی گروپە سەربازییەکان.