پاسەوانی سنووری عێراقی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هاوتا سورییەکەیاندا ئەنجامدا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هاوتا سوریاکەیان رایگەیاند بۆ پاراستنی ئاسایشی سنووری هاوبەشی نێوانیان کە درێژییەکەی نزیکەی 600 کم.

فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق، لیوا حەمید ئەلحوسینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە هاوتاکەی لە پاسەوانی سنووری سوریا، لیواروکن غەسان مەحمود و شاندی هاوڕێی؛ ئەمڕۆ سەردانی بارەگای فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراقیان کرد.

کۆبوونەوەیەک لە نێوان هەردوو لایەن ئەنجامدرا بۆ تاوتوێکردنی دەستەبەرکردنی سنوورە هاوبەشەکان و چڕکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ رێگریکردن لە هەر “پێشێلکارییەکی ئەمنی” و  بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی کێوماڵکردن کە لەلایەن سەرکردایەتی پاسەوانەکانی سنووری عێراقەوە ئەنجامدراون، بەپێی “ئەلحوسێنی”.

بەغدا زۆر گرنگی بە سنوورەکانی سوریا دەدات؛ بەهۆی مەترسییەکانیەوە، بە تایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی چالاکیی “داعش” لە ماوەی قۆناغەکانی پێشوودا.

درێژی سنووری عێراق و سوریا لە 600 کم زیاترە؛ لە ناوچەی روکبانەوە لە سنووری ئوردن لە باشوور، تا ناوچەی ڤیشخابور لە نزیک سنووری تورکیا لە باکوور، کە نیوەی باکووری سنوورەکان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە.

ئەلحوسێنی وتی، “سنوورەکانی عێراق سەلامەتن و جێگیرن دوای تەواوبوونی سیستەمێکی کۆنترۆڵکردنی یەکگرتوو، کە بریتییە لە بەربەستی رێگر و دیواری کۆنکرێتی و کامێرای چاودێری گەرمی 24 کاتژمێری”.

جەختی لە هەوڵە بەردەوامەکانی مسۆگەرکردنی سنوورەکان و رێگریکردن لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی قاچاخچێتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبێر