بەڕێوبەرایەتی خۆسەر: بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لەلایەن تورکیاوە لە بەنداوی تشرین تاوانی جەنگە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هاوڵاتییانی سڤیل لە بەنداوی تشرین تاوانی جەنگە.
دوێنێ شەممە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی جیهانی و ناوخۆیی سوریا کرد، هەنگاو بنێن بۆ وەستاندنی هێرشەكانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە بەنداوی تشرین لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەكەنە ئامانج،كە لە هێرشەكان ٤ هاوڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا و ١٥ هاوڵاتیش برینداربوونة کە باری تەندروستی بەشێكیان ناجێگیرە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە شاری عامودێی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەچوو، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئەو هێرشانەی توركیای بە “تاوان” و بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی هاوڵاتییانی سڤیل ناوبرد، و داوای لە “دەسەڵات و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە یاساکانیان جێبەجێ بکەن و هاوڵاتییانی رۆژئاوای كوردستان بپارێزن”، کە لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان دەگیرێن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هێرشەکانی تورکیا پێشێلكردنێكی گەورەی هەموو یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی بۆشایی بۆ گەڕانەوەی تیرۆر و توندڕەوی”.
بەیاننامەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە ناوچەی جەزیرە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ڕاگرتنی “تاوانەکان”.