نێچيرڤان بارزانى و كونسوڵى فه‌ڵه‌ستين ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه تاوتوێ دەکەن‌

هەولێر – نۆرس پرێس

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی لە نه‌زمى حزوورى، كونسوڵى گشتيى فه‌ڵه‌ستين له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، و تاوتوێی ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌یان كرد.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ بۆنه‌ى كۆتاييهاتنى ئه‌ركه‌كه‌يه‌وه‌، پێشوازيى له‌ باڵيۆز نه‌زمى حزوورى، كونسوڵى گشتيى فه‌ڵه‌ستين له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ ديدارێكدا نێچيرڤان بارزانى سوپاسى حزوورى-ی كرد بۆ كار و هه‌وڵه‌كانى له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ڵه‌ستين له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركی داهاتوویدا بۆ خواست.

بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لاى خۆيه‌وه‌ حزوورى، سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيرى و هاوكاريى نێچيرڤان بارزانى و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى و خواستى فه‌ڵه‌ستينى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا، دووپات كرده‌وه‌.

ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.