ئێران بنکەیەكی دەریایی خۆی ئاشكرا دەكات كە “توانای لێدانی ئەمریکا”ی هەیە
دیمەشق – نۆرس پریس
دوێنێ شەممە هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، شوێنی عەمبارکردنی کەشتییە جەنگییەكانی ئاشکرا کرد، کە توانای لێدانی کەشتی ئەمریکییەكانی هەیە.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێرانەوە گرتە ڤیدیۆیەكی پەخش كرد، كە تێیدا دەردەكەوێت دەیان کەشتی بچووکی بە دۆشکە و مووشەک لە ژێر زەوی ئامادەكرابوون.
بەگوێرەی راپۆرتی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران، دامەزراوەكە کەشتی دەریایی و مووشەکهەڵگر لەخۆوەدەگرێت، کە دەكەوێتە قوڵایی ٥٠٠ مەتر لە ئاوەکانی باشووری ئێران.
ئەو دامەزراوەیە لەلایەن فەرماندەی سوپای پاسداران حوسێن سەلامی و فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران عەلی رەزا تەنگسیری چاودێری دەكرێت.
تەلەفزیۆنی ئێران بڵاوی کردەوە کە “هەندێک لەو کەشتیانە توانای لێدانی کەشتی ئەمریکایان هەیە” ئاشكراكردنی تاران بۆ ئەم شوێنە سەربازییەی کاتێکدایە کە پەرەسەندنەكان و گرژییەکان لەگەڵ واشنتۆن زیادی كردووە.
لە 10ی كانوونی دووەم، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران گرتەیەکی ڤیدیۆیی پەخش کرد کە تێیدا دەردەکەوێت فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی بنکەیەکی مووشەکی ژێرزەمینیی دەکات کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بە نزیکەی 200 مووشەک هێرشی كردە سەر ئیسرائیل.