گوندەواری مونبج..”هەسەدە” کوشتن و برینداركردنی 38 ئەندامی میلیشیاكانی توركیای راگەیاند

مونبج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” رایگەیاند، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و گوندەکانی دەوروبەری مونبج 38 ئەندامی میلیشیاكانی “جەیش وەتەنی” سەر بە تورکیا کوژراون و برینداربوون.

 لە ڕاگەیەندراوێکدا، شەڕڤانای “هەسەدە” رایانگەیاند، لە پێکدادانەکانی دوێنێ هەینی، 17 چەكداری میلیشیای “جەیش وەتەنی” سەر بە توركیا كوژران و 21 چەكداریشیان برینداربوون كە لەنێویاندا 4 ئەفسەری سوپای توركیا هەبوون، هەروەها لەو پێكدادانە شەڕڤانێكی “هەسەدە”ش شەهید بوو.

لە بەیاننامەکەی “هەسەدە”دا ئاماژە بەوەشکراوە، سێ زرێپۆشی سەربازی میلیشیاكان تەقێندرانەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە میلیشیاكان “بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژكراو خاڵەکانی شەڕڤانانیان کردە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی نەبوو”.

“هەسەدە” رایگەیاند كە شەڕ و پێکدادانەکان لە نزیك گوندی “عەتشانە” و لەسەر گردێکی نزیك گوندی “خەربە زەمالە” و شارۆچکەی دێر حافز لە مونبج روویانداوە.

رۆژی پێنجشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، هۆشداریدا لە ئەگەری كارەساتبار، بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی توركیا و میلیشیاكانی بۆ سەر بەنداوی تشرین.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە