عێراق: پێویستە ئیدارەی نوێی سوریا دەستبەرداری تیرۆر بێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی سێشەممە محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە ئیدارەی نوێی سوریا خۆی لە ‘تیرۆر و توندڕەوی’ بەدوور بگرێت، ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت, و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت، داوایکرد ئیدارەی نوێی سوریا “ئامرازێک نەبێت لە دەستی هیچ لایەنێکی دەرەکی”.

سودانی نیگەرانی خۆی لە دۆخی ئێستای سوریا دەربڕی و داوای لە ئیدارەی نوێی دیمەشق کرد کە دەستبەرداری “تیرۆر و توندڕەوی” بێت، و لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەشداری بکات لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” کە لە چەند ناوچەیەكی سوریایە.

لە چاوپێکەوتنێکدا سودانی بۆ كەناڵی “بی بی سی عەرەبی” هیوای خواست کە ئیدارەی نوێی سوریا هەمەلایەنە بێت و هەموو پێکهاتەکانی سوریا لەخۆ بگرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق لەسەر ئاستی ئەمنیدا هەیە سەبارەت بە پرسی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ڕۆژی 26ی ئەیلول ساڵی رابردوو، وەفدێکی هەواڵگری عێراق بە سەرۆکایەتی حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق سەردانی دیمەشقی پایتەختی سوریایان کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە