هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دێرەزوور مەشق و راهێنان ئەنجام دەدەن

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاروانێكی سەربازی و مەشقیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاروانێكی سەربازییان لە ناوچەکانی زێبان و هەجین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەنجامدا، ئەمە لەكاتێكدابوو كە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕانەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانۆڕێكی سەربازیدا لە بنكەی کێڵگەی نەوتی ئەلعومەڕی رۆژهەڵاتی دێرەزوور، موشەك و تەقەی و تۆپخانە بەكارهێناوە.

دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاروانێكی سەربازییان لە نزیك کێڵگەی نەوتی تەنەك و بیابانی ئەبو حەمام ئەنجامدا، کە بۆ چەند کاتژمێر بەردەوام بوو، دواتر گەڕانەوە بۆ بنکەی خۆیان لە کێڵگەی ئەلعومەڕ.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان