“هەسەدە” بەیاننامەیەک سەبارەت بە کۆبوونەوەی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و نوێنەری سەرۆك بارزانی بڵاودەکاتەوە

حەسەكە – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەی فەرماندەی گشتی “هەسەدە”، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و نوێنەری سەرۆک بارزانی، دکتۆر عەبدولحەمید دەربەندی، بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سەرکردەیەکی پارتێكی کوردی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، نوێنەری سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەبدولحەمید دەربەندی، لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندە گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات كۆدەبێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا “هەسەدە” رایگەیاند، “فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشوازی لە نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی، دکتۆر حەمید دەربەندی کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا کە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەكە و گرنگیی یەکڕیزیی کورد تاوتوێ کرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە میانی دیدارەکەدا دکتۆر حەمید دەربەندی پەیامی پشتیوانی سەرۆک بارزانی گەیاندە فەرماندەی گشتی هەسەدە، کە تیایدا جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی سووریا “.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی پێزانینی خۆی بۆ پەیامی پشتیوانیی سەرۆک بارزانی دەربڕی.

جەختیشی کردەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەنە کوردستانیەکان هەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان.

داڕشتنەوەی: سەعد یازجی