بەرپرسێکی یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بە مەرجەکانی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ئاماژە بە مەرجەکانی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا كرد، كە لە ساڵانی دەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەددا، بەسەر سوریا سەپێندرابوون، كە ژمارەیان ٣١٨ کەس و ٨٦ ڕێکخراو و کۆمپانیاییە.

كالاس دوا دیدارەكەی لەگەڵ ئەسعەد شێبانی وەزیری کاروباری دەرەوە لە حکومەتی كاربەڕێكەری سوریا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی “X” رایگەیاندووە،  پێویستە ئیدارەی نوێی سوریا ئێستا پرۆسەیەکی ئینتقالی ئاشتیانە و هەمەلایەنە دەستپێبکات کە هەموو کەمینەکان بپارێزێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا باس لە چۆنیەتی كەمكردنەوەی سزاکان دەکەن.

دوێنێ یەکشەممە وڵاتان لە ریاز کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی عەرەبی و بیانی بۆ پشتیوانی لە سوریا ئەنجامدرا.

میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە ٢٧ی كانون دووەم لە برۆکسل کۆدەبنەوە و تاوتوێی كەمكردنەوەی سزاکانی سەر سوریا دەکەن.

ئەنجومەنی یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریدابوو کە سزاکانی سەر سووریا بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ بكرێتەوە.

داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد