سریانی ئاشوورییەکانی شاری قامشلۆ داوای چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستوور نوێی سوریادا دەكەن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، سریانی ئاشوورییەکانی شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، لەبەردەم بازنەی “سێفۆ” لە شاری قامشلۆ داوای مافەکانیان لە سووریای نوێدا كرد.
بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە کە پارتی یەکێتی سریانی رێكی خستبوو، دروشمی سوریایەکی یەکگرتوو و دیموکراسی و لامەرکەزییان بەرزکردەوە، کە گەرەنتی مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانی گەلی سریانی و ئاشووری و مەسیحی بکات.
گابرێل شەمعوون، ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی یەکێتیی سریانی رایگەیاند “ئەو هەڵوێستە بۆ داواکردنی چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانی گەلی سریانی – ئاشوورییە لە سوریایەکی دیموکراسی لامەرکەزیدا”.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشكرد، لەم نێوەندەدا قسە لەسەر دەستوور دەکرێت، ئێمەش بڕیارماندا ڕۆشنایی بخەینە سەر پرسی سریانی – ئاشووری و مەسیحی لە سوریا و دەنگی خۆمان بگەیەنین بە هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
شەمعوون ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە سوریای داهاتوودا مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان جێگیر بکرێت.
ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە