“هەسەدە” سەرەخۆشی لەو چەکدارانەی دەكات کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا و داعشدا گیانیان لەدەستداوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە بەیاننامەیەکدا سەرەخۆشی لە خانەوادەی حەوت شەڕڤان كرد، کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، و هێرشەکانی شانەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” شەهیدبوون.

تورکیا و میلیشیاكانی بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كودستان، بەتایبەتیش دەوروبەری بەنداوی تیشرین، هەروەها و تۆپخانە و هێرشە ئاسمانییەکانی توركیا گوندەواری شاری کۆبانێ بەچڕی بۆردومان دەكەن.

ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە” رایگەیاند کە تورکیا و میلیشیاكانی “ نائومێدبوونە لە پێشکەوتن لەو دەستدرێژیانەی کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە دەیكەنە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان، بەتایبەتی هێرشەكانی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق”.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، شەڕڤانانی “هەسەدە”  بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە، و ڕێگریان لە پێشڕەویكردنی توركیا و میلیشیاكانی کردووە، بەتایبەتی لە ناوچەی بەنداوی تشرین.

داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد