سەرکردەیەكی “مەسەدە”:  لەگەڵ هێزە سیاسییەکان کاردەکەین بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتمانی

دیمەشق – نۆرس پرێس

جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە”، عەلی رەحمون، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، لەگەڵ هێزە سیاسییەکان کاردەکەن بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتمانی فراوان، ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت کۆنفرانسی نیشتمانی لەسەر بناغەیەکی تەندروست بنیات بنرێت.

دوێنێ شەممە رەحمون ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی نوێی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەی سەربازی و ئابووری و ئەمنی و ئیداری.

رەحمون ئاماژەی بەوەشکرد، “مەسەدە” بڕوای بە پرسی یەکڕیزی و گفتوگۆی سوریا هەیە، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن کە ئایندەی سوریا لە دەستی سوریاییەکان بێت.

ناوبراو رایگەیاند کە “مەسەدە” ساڵانێکە داوای یەکڕیزی سوریا و چارەسەری سیاسیی کۆدەنگی دەكات، و “لە دوایین کۆنفرانسی خۆیدا جەختی لەسەر گرنگی و گفتوگۆ كردەوە، بۆ بنیاتنانی سوریایەك وەک دەوڵەتی هاوڵاتیبوون”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “مەسەدە” دەستی بۆ هەموو لایەنە سوریاییەکان درێژدەکات بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتمانی و گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆدەنگی بۆ هەموو پێكهاتەكانی سوریا، و ململانێ و شەڕی تائیفی نەهێڵێت”.

داواشی لە ئیدارەی نوێی سوریا کرد دەستی بۆ هەموو هێز و پێکهاتەکانی سوریا درێژ بکات، بۆ ئەوەی بە تاكلایانە بڕیارنەدات، كە سورییەكان لە دژی ئەو هەڵوێستانە شۆڕەشیان ئەنجامدا.

رەحمون راشیگەیاند، کە بانگەوازی کۆنفرانسی نیشتمانی “بانگەوازێکی دروستە، و دەبێت لەسەر بنەما و میکانیزمی دروست بێت، ئێمە پێمان وایە کە دوورخستنەوەی هێزە سیاسییەکان زیانی بۆ سوریا دەبێت، هەروەها دەبێت لەسەر بنەمای ڕوون و ئاشکرا بێت بە بەشداریی هەموو پێكهاتەكانی سوریا”.

ئاماژەی بەوەشدا، زۆرێك لە گروپی سیاسی  هەیە بە تایبەت لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی پێشووی سوریا، داوای لە هێزە سیاسییەکان كرد کە بەرەیەکی نیشتمانی فراوان پێکبهێنن بۆ ئەوەی کار لەسەر داڕشتنی داهاتووی سوریا بكەن بەبێ دوورخستنەوە و پەراوێزخستن هیچ لایەنێك.

ئامادەکردنی: زانا العلی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان