فڕۆکەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی گوندەواری کۆبانێ و جەزیرەیان بۆردومان كرد
کۆبانێ – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ هەینی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند جارێک گوندەواری کۆبانێ و بەنداوی تیشرینیان بۆردومان كرد، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر زیانەكان ئاشکرا بکەن.
هەر دوێنێ هەینی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، بە كەناڵی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، كە هێزەكانی پابەندن بە ئاگربەست لەگەڵ تورکیا، بەڵام ناچارن بەرگری لە خۆیان بکەن.
فڕۆکەکانی تورکیا دوو جار سایلۆکانی سرینیان لە باشووری کۆبانێ بۆردومان کرد، هاوکات گوندەواری بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی شاری مونبجیان بە دەیان تۆپ كردە ئامانج.
“هەسەدە” ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی مونبج، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكان لە نزیك بەنداوی تشرین، ئۆتۆمبێلێکی سەربازی میلیشیاكانی سەر بە توركیایان تێکشکاندووە.
لە ناوچەی جزیرەش، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا گوندەواری شاری دێریکیان کردە ئامانج، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان “ناوچەی كۆچەرات و چیای قەرە جۆغ و تەقل بەقل و گوندی شەرك”یان کردە ئامانج هەروەها ئۆتۆمبێلێكی مەدەنییان لە گوندی خانە سەری لە گوندەواری دێریک کراوەتە ئامانج”.
ئاسایش لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە ئەنجامی بۆردومانەكانی تورکیا، دوو هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە.