شاندێکی ئەمریکا سەردانی ئەنجومەنی سەربازی سریانی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكراتیان دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە ئەنجومەنی سەربازی سریانی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” پێشوازییان لە شاندێکی تیمی کاروباری مەدەنی ئەمریکای سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی فەرماندەی تیم “کایل” كرد.

وتەبێژی فەرمی ئەنجوومەنی سەربازی سریانی، ماتای حەنە، سەردانەکەی بە باش و بەرهەمدار ناوبرد، و ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پێویستی گەیاندنی هاوکاری بە هەموو گەلانی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆیان لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان کردووە، و هەروەها جەختیان لە پێکەوە کارکردن بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و تەندروستی كردەوە.

“حەنە” ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتن کراوە لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانی ئەنجوومەنی سەربازی و تیمی ئەمریکی بە شێوەیەک کە خزمەت بە گەلانی ناوچەکە بکات.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، شاندەکە سەردانی ڕێکخراوی فریاگوزاری و گەشەپێدانی “خاچی یریانی”یان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی هەماهەنگی و هاتنە ژوورەوەی یارمەتییە پزیشکییەکان و دەرمان لە ڕێگەی عێراقەوە.

داڕشتنەوەی: خەلەف مەعۆ