ئیلهام ئەحمەد: ئەمریکا و فەڕەنسا دەتوانن سنوورەکانی رۆژئاوای كوردستان بپارێزن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، ئامادەین بەرپرسیارێتی پاراستنی سنووری رۆژئاوای كوردستان رادەستی ئەمریکا و فەڕەنسا بكەین.
هەینی ڕابردوو، ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، پێویستە کورد ڕۆڵی هەبێت لە بنیاتنانی سوریای نوێدا هەروەها، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دووپاتیکردەوە کە پاریس دەستبەرداری هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” نابێت.
ئیلهام ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ” TV5 Monde” رایگەیاند، “ئەمریکا و فەرەنسا لە راستیدا دەتوانن سنوورەکان بە تەواوی بپارێزن”.
ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد، “داوا لە فەڕەنسا دەکەین هێز بنێرن بۆ ئەوەی ئەو سنورانە بپارێزن، و هاوکارمان بن لە پاراستنی ناوچەکە و دروستکردنی پەیوەندی باش لەگەڵ تورکیا”.
ئەو بەرپرسە کوردە ڕوونیشیکردەوە، هەرکاتێک فەڕەنسا توانی تورکیا ڕازی بکات کە هێزەكانی بنێرێتە سنوور، ئەوکات دەتوانین پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکەین.
ئەحمەد گوتیشی، هیوادارین لە هەفتەکانی داهاتوودا هەموو شتێک یەکلایی بێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە رایگەیاندووە، کە دانوستانەکان لە ئێستاوە بەردەوامن، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو ناوەڕۆكی ئاشکرا بکات.