دوو لایەن لە قامشلۆ جەخت لەسەر پێویستی چاودێری نێودەوڵەتی لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی سوریا دەکەنەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە پارتی یەکێتیی سریانی و ڕێکخراوی دیموکراتی ئاشووری ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا و دیدگای هاوبەشیان بڵاوکردەوە، و جەختیان لەسەر ئامانج و داواکارییە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەکان كردەووە.

هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی دەستپێکردنی پرۆسەی گواستنەوەی ئاشتیانە لەڕێگەی دیالۆگی سوریا – سوریا و بە سەرکردایەتی سوریا، و بە پشتیوانی نێودەوڵەتی و عەرەبی لەسەر بنەماکانی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش كردەوە، بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بە مەبەستی پێکهێنانی دەستەیەکی حوکمڕانی گواستنەوەی گشتگیر.

ئەو دوو لایەنە داوایان کرد دەست بە جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە بکرێت کە لە بڕیارنامەکەدا دیاری کراوە، بۆ هەنگاونان بۆ قۆناغی گواستنەوە، تا سیستەمێکی سیاسی نوێ دابنرێت بۆ ئەوەی لەگەل خواستەکانی گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بگونجێت، لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە، بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر بنەمای دەستوورێکی نوێ کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدارن لە داڕشتنەوەی، و سوورییەکان لە گشتپرسییەکی گشتیدا پەسەندی دەکەن.

هەروەها داوای دانپێدانانی دەستوورییان كرد بۆ ناسنامەی نەتەوەیی ئاشوورییەکان و زامنکردنی مافە نەتەوەیی و سیاسی و زمان و کولتوورییەکانیان.

ئاماژەیان بە بەهێزکردنی ڕۆڵی پێکهاتەی سریانی-ئاشووری، و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هێزە سیاسییەکانی كرد.

ئەوان جەختیان لەسەر “یەکگرتوویی و سەروەری سوریا کردەوە، بەمەرجێک کۆماری سوریا دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەر بێت و ئەو گرنگییە وەک سەرچاوەی دەسەڵات بدرێتە خەڵک”.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان