محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچێتە ئێران
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕایگەیاند ” محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران ، ڕۆژی چوارشەممە، 08-01-2025، سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، سوودانی”لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن.”
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران، بەرەنجامی سەردانەکەی مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووی مەسعود پزیشکییان، سەرۆک کۆماری ئێرانە بۆ بەغدا.
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی مانگی رابردوو، ئەمە یەکەم جارە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئێران دەکات.
ئەمەش دەبێتە سێیەمین سەردانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران، یەکەم سەردانی لە 29 تشرینی دووەمی 2022 بوو، سەدانی دووەمیشی لە 6ی تشرینی دووەمی 2023 بووە.