
توێژەرێكی تیرۆر: دۆسیەی ئەندامانی دەستبەسەرکراوی داعش لە دەستی “هەسەدە” دەمێنێتەوە
قامشلۆ – پرێس نۆرس
ئەمڕۆ یەکشەممە، توێژەرێک لە کاروباری گروپە توندڕەوەکان و تیرۆریزمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەلەفی دەستگیرکراوانی داعش ڕادەستی هیچ لایەنێک ناكەن و ئەم مەلەفەش لە دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەمێنێتەوە.
پێنجشەممەی ڕابردوو، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە ئیدارەی نوێی سوریا کرد، كە ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتی دەكات، بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی ئەو زیندان و کەمپانە بگرێتە ئەستۆ کە هەزاران ئەندام و خێزانی داعشی تێدایە.
مونیر ئەدیب، توێژەرێک لە کاروباری گروپە توندڕەوەکان و تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، حکومەتی نوێی دیمەشق حکومەتێکی كاربەڕێكەرە، و هێزەكانی سوریای دیموكرات لەم هەلومەرجەدا ئەم دۆسیەیە ڕادەست هیچ لایەنێك ناكات، چونکە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیدا نییە كە بڕیارێكی چارەنووسساز لەسەر ئەم مەلەفە مەترسیدارە بدات”.
ئەدیب رایگەیاند گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە لە داهاتوودا لەگەڵ حکومەتێکی هەڵبژێردراودا دوای داڕشتنی دەستوورێکی نوێ و گەیشتن بە دۆخی سەقامگیری دەكرێت، بەڵام لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات.
بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، و زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوان و توێژەرانی سوریا پێشتر داوای ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەندامانی دەستبەسەرکراوی داعشیان کردبوو بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو دۆسیەیە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام هەموویان ئەم داواكارییانە تا ئێستا بێ وەڵامن.