بۆردومانی بەردەوامی تورکیا دەگاتە گوندێکی سریانی لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆ
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی تورکیا بەئامانجکردنی ناوچە سنوورییەکانی باکووری سووریایان فراوانتر کرد، تا گوندێکی سریانی لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆ و چەند گوندێکی دیکەی لە رۆژئاوای قامیشلۆ، گرتەوە.
بەپێی سەرچاوەیەکی تایبەتی نۆرس پرێس، تۆپخانەکانی تورکیا نزیکەی کاتژمێر 10:30 خولەکی سەرلەبەیانی بە چوار گولە گوندی “رۆتانا”ی سریانییان بۆردومان کردووە کە 3 کیلۆمەتر رۆژئاوای شارۆچکەی تەربێسپی لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆ، هەڵکەوتووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیانەکان تەنها لە ماددیدا سنووردار بوون.
سەرچاوەیەکی دیکە لە قامیشلۆ رایگەیاند کە تۆپخانەکانی تورکیا گوندی تل زێوانیان؛ لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە، بۆردومان کردووە، هەروەها شارۆچکەی هێمۆ و گوندی هەڕەم شێخو؛ لە رۆژئاوای شارەکە بە دوو گولە، بۆردومان کراوە.
ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە کاتژمێرەکانی بەیانی زووەوە پەرەسەندن و بۆردومانی توندی تورکیا بەخۆوە دەبینن.