بەفەرمی… مەرهەف ئەبو قەسرە وەک وەزیری بەرگری حکومەتی كاربەڕێكەری سوریا دەستنیشانکرا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەیی گشتیی حکوومەتی كاربەڕێكەری سوریا بە فەرمی مەرهەف ئەبو قەسرەی وەک وەزیری بەرگری راگەیاند.

شەممەی ڕابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا، مەرهەف ئەبو قەسرەی وەک وەزیری بەرگری بە وەکالەت لە حکومەتی كاربەڕێكەری سوریا دەستنیشانکرد.

ئەبو قەسرە لە شاری حەلفایەی حەما لەدایک بووە ئەندازیاری توانا سەربازییەکان لە ئیدلب و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بووە.

ئەبو قەسرە کە وەزارەتی بەرگری وەرگرتووە، نازناوی “ئەبو حەسەن ٦٠٠”ی پێدرابوو، و بە فەرماندەی گشتی باڵی سەربازی دەستەی تەحریر شام دانرابوو.

لەو چوارچێوەیەشدا ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی سورییەوە ڕایگەیاندووە، سەرکردایەتی نوێی سوریا چەکدارە بیانییەکانی لە نێو هێزە چەکدارەکاندا بەکارهێناوە، لەوانە ئویغۆڕەكان و ئوردنی و تورکەكان.

 وتەبێژی حکومەتی كاربەڕێكەر لە دیمەشق وەڵامی داواکاری ڕۆیتەرزی نەدایەوە بۆ لێدوان لەسەر هۆکاری دامەزراندنی بیانییەكان.

 داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە