میلیشیایەكی سەر بە تورکیا باج بەسەر دانیشتوانی كورد لە عەفرین دەسەپێنێت

عەفرین – نۆرس پرێس

میلیشیای “سلێمان شا (عەمشات)”ی سەر بە تورکیا، لە درێژەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی لە عەفرینی داگیركراو، باجی 5000 دۆلاری بەسەر دانیشتوانی ئەو شارە كوردیە داگیركراوەی رۆژئاوای كوردستان سەپاندووە.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە ناوچەكە ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئەندامانی میلیشیای عەمشات کە گوندی كوخڕەیان لە ناحییەی مەعبەتڵی داگیركردووە، دەستیان بەسەر دەیان ئامێری کشتوکاڵی و ئۆتۆمبێل دانیشتواندا گرتووە، كە ناتوانن ئەو بڕە باجەی كە بەسەر دار زەیتونەكانیان سەپێندراوە بیدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەیەک لەمەوبەر “هێزە چەكدارەكانی عەمشات” لە گوندی “كاخڕە” مەسعوود محەممەد موهاجیریان دەستگیرکرد و ناچاریانکرد 1500 دۆلاری ئەمریکی بدات بۆ ئازادکردنی، هەروەها شیار عەبۆشیان دەستگیرکرد و بەناجاری ٣٤٠٠ دۆلاری ئەمریکی لەبەرامبەر ئازادكردنیدا.

بەپێی سەرچاوەکان، هاوڵاتییەكی كورد بەناوی محمد عیسۆ لەلایەن ئەندامانی میلیشیاكە ئەشكەنجە درا، و یەکێک لە بڕبڕەکانی پشتی شكا و بە ناچاری 1500 دۆلار دا بۆ ئەوەی ئازاد بكرێت، و لەكاتێك ژنانی گوندەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی ئەندامانی میلیشیای “عەمشان”  دەستیان كرد بە لێدانیان  و یەکێکیان بە سەختی برینداربوو.

هەروەها ئەو میلیشیایە بڕە پارەیەکی لە نێوان 3000 بۆ 5000 دۆلاری ئەمریکی سەپاند بەسەر هەر خێزانێک کە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکە خۆی، تەنانەت ئەو کچە خوێندکارانەیان ناچارکردووە 1500 دۆلارە بدەن لەبەر ئەوەی لە زانکۆی حەلەب دەخوێنن، هەروەها میلیشیاكان ماڵی كوردەكانیان داگیركردووە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، میلیشیای پۆلیسی سەربازیی سەر بە تورکیا 18 هاوڵاتی خەڵکی ناحییەی جندیرێس و گوندەکانی کە بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانەوە ئاوارەی ناوچەكانی ژێر دەسهەڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان ببون و گەڕانەوە، بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر دەستگیرکران.

میلیشیاكان هەندێک لە دەستگیرکراوەکانیان لە بەرامبەر بڕە پارەیەك ئازادكرد، لەکاتێکدا هەندێکیان تا ئەم ساتە هێشتا دەستبەسەرن، بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر.

ئامادەکردنی: سوار حەمۆ – داڕشتنەوەی: مالین محەممەد