فڕۆکەی نەناسراو بارەگاکانی پێشووی میلیشیاكانی ئێرانیان لە دێرەزوور کردە ئامانج

دێرەزوور- نۆرس پرێس

شەوی دووشەممە، فڕۆکەی جەنگی نەناسراو بارەگاکانی پێشووی میلیشیاكانی ئێرانیان و کۆگایەکی چەکیان لە بیابانی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێریزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج، ئەو هێرشە هاوكات بوو لەگەل كاروانێكی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی فورات.

سەرچاوەکانی نۆرس پرێس ڕایانگەیاند، فڕۆکەیەکی نەناسراو، کۆگایەکی پێشووی چەکی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە نزیک عەین عەلی، لە بیابانی شارۆچکەی قورییەی گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور بۆردومانكرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەکان سێ هێرشی دیکەیان لە بیابانی عەشاڕە و دوێڕە ئەنجامداوە و بارەگاکانی پێشووی لیواکانی فاتمیونی ئەفغانی و قودسی سەر بە ئێرانیان کردۆتە ئامانج.

سەرچاوەیەک لە شارۆچکەی شحێل رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەكە هاوکات بوو لەگەڵ گەڕانی كاروانێكی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە چەند گوند و شارۆچکەی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان