میلیشیایەكی سەر بە تورکیا لە شارۆچکەی تەل رەفعەت باج بەسەر کوردانی ئێزدیدا دەسەپێنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

میلیشیای پۆلیسی سەربازی سەر بە تورکیا لە شارۆچکەی تەل رەفعەتی رۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەك كوردی ئێزدی دوای گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شارۆچكەكە دەستگیرکرد، و لە بەرامبەر ئازادكردنیان داوای 1200 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر كەسێك دەكات.

ئەو هاونیشتیمانییانە دوای هێرشی میلیشیای “جەیش وەتەنی” سەر بە تورکیا بۆ سەر شارۆچکەی تەل رەفعەت و گوندەکانی لە گوندەواری باکووری حەلەب، و كشانەوەی هێزە کوردییەکان لێیەوە بۆ گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب، لەگەل هەزاران كەس لە ناوچەی عەفرین و گوندەواری ئاوارەی ناوچەكانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بوون لە رۆژئاوای كوردستان.

سەرچاوەکانی نۆرس پرێس ڕایانگەیاند، ئێزیدییەکان هەراسان و دەستگیركراون، و ژمارەی ئەو كەسانەی لەلایەن میلیشیای پۆلیسی سەربازییەوە دەستگیرکراون گەیشتووەتە ٢٢ کەس.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، كە میلیشیای پۆلیسی سەربازی دەستگیرکراوەکانی بۆ زیندانەکانی ئەعزاز و عەفرین گواستووەتەوە و لەبەرامبەر 500 بۆ 1200 دۆلاری ئەمریکییەوە ئازادی كردن، كە تۆمەتباربوون بە کارکردن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان.

بەپێی هەمان سەرچاوەکان، دەستگیرکراوەکان بەناوەكانی مەحمود سیدۆ سیدۆ (55 ساڵ)، سەیدخان مەحمود سیدۆ (28 ساڵ)، سەعید سوبحی سیدۆ (33 ساڵ)، جوان ڕەشید بەکر عوسمان (36 ساڵ)، و نورخان خدر عوسمان (46 ساڵ) بوون.

تا ئێستاش سێ گەنج بە تۆمەتی کارکردن لە هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەستبەسەرن.

ئامادەکردنی: سوار حەمۆ – داڕشتنەوەی: مالین محەممەد