پێدەرسن نیگەرانە لە پەرەسەندن و ڕووداوەکانی توندوتیژی لە شارەکانی سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

گێیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندن و ڕووداوەکانی توندوتیژی لە شارەکانی سوریا دەربڕی و داوای ڕاگرتنی کرد.

چوارشەممەی رابردوو خۆپیشاندان و رووداوی توندوتیژی هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی سوتاندنی مەزارگەیەکی عەلەوییەکان لەلایەن گروپە چەكدارەكان لە شاری حەلەب سەریهەڵدا.

شەڕ و پێکدادانی چەکداری لە ناوچەی کەناراوەکانی سوریا و حومس ڕوویدا، و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە کوژرانی 14 کارمەندی ئەمنی و برینداربوونی 10 کەسی دیکەی ڕاگەیاند “دوای ئەوەی لە گوندەواری تەرتووس کەوتنە بۆسەی ئەندامانی پێشووی رژێمی سوریا”.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، لە دانیشتنێکی داخراودا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەسەر پێویستی “گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکێتی و یەکپارچەیی سوریا و وەستاندنی هەموو کردەوەیەکی توندوتیژی” کردەوە.

پێدەرسن ئاماژەی بەوەدا کە بنەما سەرەکییەکانی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش كۆدەنگییەكی فراوانی هەیە، ڕوونیکردەوە کە “پێویستە گواستنەوەی سیاسی لە دەستی سورییەكاندا بێت لە هەمان کاتدا دەستەبەرکردنی حوکمڕانییەکی متمانەپێکراو و ناتایفەگەری و چاکسازیی دەستووری و هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و بەشداریکردنی ژنان” لە كارە سەرەكییەكاندا بێت.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە