هێزەکانی سوریای دیموکرات ئیدانەی تەقینەوەكەی مونبج دەكات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” ئیدانەی ئەو تەقینەوەیان کرد کە ئێوارەی دوێنێ لە شاری مونبجی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەلەبی باکووری سوریا ڕوویدا، و ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە كە هێزەکانی ئەو تەقینەوەیان ئەنجامدابێت.

دوێنێ هەینی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم مزگەوتی گەورە لە ناوەڕاستی شاری مونبج تەقیەوە و بەو هۆیەوە فرۆشگا بازرگانییەکانی نزیك مزگەوتەكە سووتاون و زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئەنجومەنی سەربازی مونبجی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە بەیاننامەیەکدا کە لە ناوەندی ڕاگەیاندنی “هەسەدە”دا بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە: “ئیدانەی ئەو تەقینەوە تیرۆریستییە دەکەین کە ئێوارەی دوێنێ لە شاری مونبج ڕوویدا، و هەر تۆمەتێک ڕەتدەکەینەوە کە هێزەکانمان تێدا تۆمەتباركرابن”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “داوا لە گەلەکەمان لە مونبج و خەڵکە ژیرەکەی دەکەین دەست یەکبگرن بۆ ئاشکراکردنی تاوانبارانی ئەو كردەوەیە لەنێو میلیشیاكانی تورکیا، کە کردەوە تاوانکارییەکانیان لە کوشتن و تاڵانکردن و تۆقاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی زیادی كردییە”.

لە دوای ئەوەی میلیشیای “جەیش وەتەنی” سەر بە توركیا، دەستی بەسەر شاری مونبجدا گرت، ئەویش دوای رێككەوتنێكی ئاگربەست لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموكرات، دۆخی ئەو شارە ناسەقامگیر بووە، و بەردەوام میلیشیاكان هێرش دەكەنە سەر “هەسەدە” و هەرەشەی داگیركردنی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان دەكەن.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد