قەدەغەی هاتووچۆ لە گوندەواری دیمەشق راگەیەندرا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان قەدەغەی هاتووچۆی لە گەڕەکی قودسەیەی گوندەواری دیمەشق سەپاند، ئەمەش دوای ڕووداوەکانی شەوی رابردوو لە گوندەواری تارتووس.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی نوێی کوژرانی 14 کارمەندی ئەمنی و برینداربوونی 10 کەسی دیکەی ڕاگەیاند “دوای ئەوەی لە گوندەواری تەرتووس کەوتنە بۆسەی ئەندامانی پێشووی رژێمی سوریا”.

ڕۆژنامەی ئەلوەتان، کە بارەگاكەی لە دیمەشقە، رایگەیاند، بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان قەدەغەی هاتووچۆی لە گەڕەکی قودسییەی سەپاندووە، هەروەها خاڵی پشکنینی داناوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە “لە ناوچەکانی گوندەواری دیمەشق هەڵمەتێك بۆ وەرگرتنەوەی چەکی نایاسایی و دەستگیرکردنی فیتنەکاران دەستپێکرد”.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی بەرگری سوریا هێزی سەربازی بۆ شارە کەناراوەکانی ناردووە، و لە دەوروبەری کەناراوەکان و سنووری تورکیا جێگیرکراون.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد