سەرێ كانیێ.. دەستگیرکردنی ژمارەیەك چەکداری میلیشیاكان لەكاتی پەڕنەوەیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسهەڵاتی “هەسەدە”
حەسەكە – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، میلیشیای سوڵتان مورادی سەر بە بۆ تورکیا ژمارەیەك چەکداری دەستگیرکرد کە هەوڵیاندا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی “جەیش وەتەنی” لە سەرێ كانیێ داگیركراو بپەڕنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای كوردستان.
سەرکردەیەکی میلیشیاكان بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، میلیشیای سوڵتان موراد 25 چەکداری میلیشیاكانی “درع حەسەكە” كە یەكێكە لە میلیشیا چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیرکردووە، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا بپەڕنەوە بۆ ناوچەکانی “هەسەدە” و خۆیان ڕادەست بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارەکان هەوڵیانداوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان لە ناوچەی ساتر لە نزیک عالییەی گوندەواری سەرێ كانیێ کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموكراتدایە.
“لیوای درع حەسەکە” میلیشیایەكی چەكدارە لە ناوچەی راعی گوندەواری حەلەب چالاکی ئەنجامدەدا، و لەكاتی داگیركردنی سەرێ كانیێ لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 2019 چووە ئەو شارە.
میلیشیای سوڵتان موراد، چەکدارەکانیان لە سەرێ كانیێ ڕادەستی پۆلیسی سەربازی کردووە، دواتر لە گرێ سپی ڕادەستی پۆلیسی سەربازی کران.