ڕۆژنامەیەكی ئەمریکی: ڕەنگە واشنتۆن بەهۆی پێشهاتەکانی سوریا ئەرکی هێزەکانی لە عێراق درێژ بکاتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕایگەیاند، ڕەنگە هێزەکانی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژتر لەوەی لەسەری ڕێککەوتوون لە عێراق بمێنێتەوە، بەهۆی پێشهاتەکانی سوریا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق و ئەمریکا گفتوگۆیان لەسەر خشتەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەستپێكرد. و گەیشتنە لێکتێگەیشتن و بڕیارە تا مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ بنکەی عەین ئەسەد بەجێبهێڵن.
ڕۆژنامەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی عێراقی بڵاویکردەوە: “بەرپرسانی عێراق دیدگای خۆیان گۆڕیوە، سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لەدوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، وادەی ئێستا “واقیعی نییە”. هەروەها دەسەڵاتدارانی عێراق هەوڵدەدەن هێزەكانی ئەمریکی لە نزیک سنووری عێراق – سوریا جێگیربكەن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، محەممەد سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای درێژکردنەوەی ئەو وادەیەی لە سەربازانی ئەمریکا نەكردووە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا تا ئێستا پلانەکانی بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕاوێژکارەکانی بە ڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە لە كارە پێشینەكانی شەڕی داعشە.