شاندێکی فەڕەنسا لەگەڵ پارتەکانی یەکێتی نیشتمانیی کورد لە قامشلۆ کۆدەبێتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی فەڕەنسا لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ پارتەکانی یەکێتی نیشتمانیی کورد کۆبووەوە.
نەسرەدیین ئیبراهیم، ئەندامی دانوستانکاری یەکێتی نیشتمانی كور لە سوریا بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، شاندی فەڕەنسا سەرنجیان لەسەر خێراکردنی دەستپێکردنی گفتوگۆکان بوو لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا و گەیشتن بە ڕێککەوتنێك لە نێوان پارتە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان.
دوێنێ دووشەممە، ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا کۆبوونەوە، بۆ تاوتوێکردنی یەکڕیزی کورد.
ئیبراهیم کە هاوکات سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریایە راشیگەیاند: تاوتوێی كۆبوەوەی دوێنێی نێوان فەرماندەی “هەسەدە” و وەفدی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی كرد.
ڕاشیگەیاند، ئامادەیی خۆیان بۆ شاندی فەڕەنسی دەربڕی بۆ هەر دەستپێشخەری و یەکخستنی هەڵوێستی کورد و تاوتوێکردنی سەرجەم پرسەکان لە گفتوگۆكاندا.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، شاندێکی فەڕەنسی-ئەمریکی چەندین دیداریان لەگەڵ پارتەكانی یەکێتی نیشتمانی كورد و ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا ئەنجامداوە، بە ئامانجی یەکخستنی دیدگا و داخوازییەکانی کورد لە سووریا.