پێدەرسن داوای چارەسەری سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، گێیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند، نەدۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ گرژییەکانی رۆژئاوای كوردستان، لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” و میلیشیاكانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە ئەنقەرە، “دەرئەنجامی خراپی دەبێت بۆ هەموو سوریا”.

توركیا و میلیشیاكانی، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا بەشار ئەسەد، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان زیاتر كردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترسی ئەوەی هەیە ململانێکان پەرە بسێنێت بۆ بەشەكانی تری سوریا.

پێدەرسن بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەگەر بە باشی مامەڵە لەگەڵ دۆخی رۆژئاوای كورستان نەکرێت، ئەمە نیشانەیەکی خراپ دەبێت بۆ هەموو سوریا، ئاماژەی بەوەشكرد “ئەگەر لێرەدا شکست بهێنین، دەرئەنجامەكەی ئاوارەبوونی نوێ دەسپێدەكاتەوە”.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونیکردەوە کە چارەسەری سیاسی “پێویستی بە دەستبەرداربوونی جددی دەبێت” و دەبێت بەشێک بێت لە قۆناغی ئینتقالی.

دڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە