سوپای ئەمریکا بارهەڵگرێكی چەکی لە سوریا كردە ئامانج

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، “سێنتکۆم” ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە سووریا بارهەڵگرێكی چەكیان تێكشكاندووە و ئەندامانی داعشیان کوشتووە.

“سێنتکۆم” راشیگەیاند، كە هێرشێکی ئاسمانی وردیان لە شاری دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە، و بەهۆیەوە دوو ئەندامی داعش کوژراون و ئەندامێكیش برینداربووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بارهەڵگرێكی چەکیان تێكشكاند، لە ناوچەیەک کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی رووخاوی سوریا و هێزەکانی رووسیا بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم هێرشە وەک بەشێک لە پابەندبوونی بەردەوامی فەرماندەیی ناوەندییە دێت، بۆ هاوکاری هاوبەشەکانی لە ناوچەکە.”

روونیشی کردەوە کە ئامانجی “پەکخستن و لاوازکردنی هەوڵە تیرۆریستییەکانە بۆ پلاندانان و خۆرێكخستنەوە و ئەنجامدانی هێرش لە دژی هاووڵاتییانی مەدەنی و سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە و دەرەوەی ئەو وڵاتە”.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان