هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرپەرچی هێرشێكی میلیشیاكانی تورکیایان دایەوە لە نزیك بەنداوی تشرین

مونبج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی سەربازی مونبج كە سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”ن ڕایگەیاند، كە بەرپەرچی هێرشێكی میلیشیاكانی سەر بە تورکیایان لە نزیك بەنداوی تشرین داوەتەوە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی مونبج.

ناوەندی ڕاگەیاندنی “هەسەدە” لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مونبج سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شكستیان بە هێرشێكی میلیشیاكانی توركیا هێناوە لە نزیك بەنداوی تشرین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە دوای هێرشەكە هێزەکانمان دەستیانکرد بە پاککردنەوەی چەند گوندێک لە دەوروبەری بەنداوەکەدا کە میلیشیاكان پەناگە بەكاریان دەهێنا، و ناوە ناوە هێرشیان دەكردە سەر هێزەکانمان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی “هەسەدە” ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی میلیشیاكانی تورکیایان لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووبارەکە، لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق تەقاندووەتەوە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان