سەرچاوەیەک ڕەتیدەکاتەوە كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە كێلگەی عومەر لە دێرەزوور کشابنەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

سەرچاوەیەک کە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاردەکات ئەمڕۆ دووشەممە، ڕەتیکردەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی كیلگەی عومەر لە دێرەزووری باکووری سوریا کشابنەوە.

ڕۆژنامەی “ئەلوەتەن” كە بنكەكەی لە دیمەشقە، ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زۆرینەی هێزەکانی لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە دێرەزوور بەرەو حەسەكە کشاندەوە.

ئەو سەرچاوەیە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، کەرەستە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە دەروازەی سنووری ئەلوەلیدی نێوان سوریا و عێراق گەیشتنە شاری حەسەكە، و لەوێوە بەرەو بنکەی “عومەر” و “کۆنیکۆ” بۆ دێرەزوور ڕۆیشتوون.

سەرچاوەکە هەواڵی کشانەوەی هێزەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ” نیازی دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی نوێی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە گوندەواری دێرەزوور” هەیە، بەڵام ئاماژەی بە شوێنەکەی نەکرد

لەو چوارچێوەیەدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور کە سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتن، دوێنێ یەکشەممە لە “حەوت گوند”ی باکووری دێرەزوور كاروانێكی سەربازییان پێكهێنا.

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە