ئه‌ردۆگان لە نیویۆرک لەگەڵ لاپید کۆدەبێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

یائیر لاپید ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.

بەپێی ئه‌و کارنامەیه‌ی کە نووسینگەی لاپید بڵاویکردووەتەوە، لاپید لەگەڵ ئەردۆغان، و سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا لیز ترۆس، و کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان،و ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە ئه‌نجامده‌دات.

کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان ئەردۆغان و لاپید، یەکەم کۆبوونەوەی نێوان سه‌رۆكی تورکیا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ده‌بێت، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئیهود ئه‌یۆلمه‌رت سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوی ئیسڕائیل، لە ساڵی ٢٠٠٨.

لاپید لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا کاتێک وەزیری دەرەوه‌ی ئیسڕائیل بوو سەردانی ئەنكەرەی کرد و لەوێ چاوی بە مەولوود چاوشئۆغڵو هاوتا تورکەکەی کەوت.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هیچ بەرنامە و کار و گفتوگۆکانی كۆبونه‌وه‌كه‌ی دیاری نەکردووە.

مانگی ڕابردووش ئیسرائیل و تورکیا نوێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ڕاگەیاند.

ئیسرائیل هاوپەیمانێکی ناوچەیی تورکیایە، بەڵام پەیوەندییەکەیان تێكچو بەهۆی ئەو ڕووداوەی کە لە ساڵی ٢٠١٠دا كه‌ كه‌شتی مەرمەرەی تورکی بەرەو غەزە دەڕۆیشت، و کاروانێکی دەریایی بوو بۆ شکاندنی گەمارۆکانی سه‌ر غه‌زه‌، له‌ ئه‌نجامدا سه‌ربازانی ئیسڕائیلی هێرشیانكرده‌ سه‌ر كه‌شتییه‌كه‌ و ١٠ سه‌ربازی تورکییان كوشت.

ڕاپۆرتە میدیاییەکان لە سەرەتای ساڵدا ئاماژەیان بەوە کرد کە ئه‌ردۆگان نییه‌تی چاكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ل ئیسرائیل هه‌یه‌، و ئەنقەرە لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا به‌فه‌رمی پێشوازی لە ئیسحاق هێرزۆكی سەرۆکی ئیسرائیل کرد.

شرۆڤەکاران پێیان وایه‌ كه‌ ئەردۆگان نییه‌تی؛ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل هه‌یه‌ بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سیاسی و ئابووریی تورکیا.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌: هۆزان زوبێر