قامشلۆ.. ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی “کۆبوونەوەیەکی بەرفرەوانی کوردی لە سوریا” بۆ یەکخستنی داواکارییەکان لە دیمەشق

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی “کۆبوونەوەیەکی بەرفرەوانی کوردی” کە پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییە سیاسییەکان لەخۆدەگرێت، راگەیندرا، بە گوتەی ڕێکخەرانی، ئامانجی یەکخستنی دیدگا کوردییەکان و داواکارییەکان لە سوریا.

ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوە بەرفرەوانەكە لەلایەن “کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان” کە لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا و خۆی بە ” دامەزراوەی كوردستان” ناساندووە راگەیێندرا، و هەوڵدەدات چەترێکی فراوان بێت بۆ هێز و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان.

لوقمان ئەحمەد، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی کۆنفرانسی کوردستان، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکەی کە بڕیارە ئەنجام بدرێت ئامانجی “داڕشتنی داخوازییە یەکگرتووەکانی کوردە بۆ ئەوەی دیدگایەکی ڕێککەوتوومان بۆ بێتە پێشەوە کە گوزارشت لە ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد لە سوریا بكات”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی چەند لیژنەك دەكرێت، لەوانەش لیژنە دیپلۆماسی و سیاسییەکان کە کار بۆ نوێنەرایەتیکردنی گەلی کوردستان دەکەن و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکەن.

ڕێکخەرانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە نەکرد کە دەرئەنجامی “کۆبوونەوەی بەرفرەوانی کوردی” دەگەیەنرێتە کام لایەن.

لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراویدا، داوا لە لایەنە سیاسییەکان و هێز و کەسایەتییە سەربەخۆکان کراوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن، بەڵام وادەی بەڕێوەچوونی دیاری نەکردووە.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە