ئەنجومەنی پیران ڕەشنووسی یاسای سزادانیان لە دژی توركیا پێشكەشكرد بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر “هەسەدە”

قامشلۆ – نۆرس پرێس

شەوی ڕابردوو، دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی هاوبەشی نێوان پارتی کۆماری و دیموکراتییەكان پێشکەش کرد، و داوای سەپاندنی سزایان بەسەر تورکیادا كرد، ئەویش بەهۆی هێرشەكانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای كوردستان.

هەردوو سیناتۆر، کریس ڤان هۆڵن،ی دیموکراتەکان و لیندسی گراهام،ی کۆماریخوازەكان، “یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٤”یان پێشكەشكرد، و هیوایان خواست کە هەڕەشەی سزاکان هاندەری ئاگربەست بێت.

رۆژی پێنجشەممە، سێناتۆری ئەمریکی جۆن کێنێدی هێرشی کردە سەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەهۆی پشتیوانیکردنی لەو میلیشیا چەكدارانەی هێرش دەكەنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”.

کریس ڤان هۆلن و لیندسی گراهام لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە، پێویستە واشنتۆن لە ڕووی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ تورکیا کاربکات بۆ ئاسانکاری، و گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی و دامەزراندنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەك لە نێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات.

سێشەممەی ڕابردوو، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، ئامادەیی خۆیان بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەك لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای كوردستان دەربڕی.

 بەگوێرەی بەیاننامەی هاوبەشی سیناتۆری کۆماری و دیموکرات، لە سزاكان “ئامانجیان ڕێگریکردنە لە هێرشی تورکیا و میلیشیاكانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتی کوردستان کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش و مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و جیهان دروستبێت” .

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە